سەردێڕ:

ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی تانجەڕۆی سلێمانی کەوتەوە و چەند کەسێک برینداربوون

AM:12:51:18/08/2026

1532 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانی ئەمشەو کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەڕۆ لە شاری سلێمانی گڕی گرت و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە بەرز بووەوە، بە وتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانیش، بەهۆی ئاگرەکەوە چەند کەسێک برینداربوون.


بە گوێرەی زانیارییەکانی ژیلیا عەلی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، سەرەتای دروستبوونی ئاگرەکە بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێکی سووتەمەنی بووە و دواتر بەهۆیەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی بەنزین تەقیوەتەوە.
هاوکات سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چەند کەسێک بەهۆی ئاگرەکەی تانجەرۆ بریندار بوون بەڵام تا ئێستا ژمارەی بریندارەکان دیار نییە. 
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، قەبارەی ئاگرکەوتنەوەکە هێندە گەورەیە کە لە دووریی چەندین کیلۆمەترەوە گڕی ئاگرەکە دەبینرێت و زیانێکی زۆریش بەر ناوچەکە کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە.












گەلەری