سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق: هێرشەکەی سەر نوسینگەی مەسرور بارزانی بەزاندنی سەروەری نیشتیمانیە

PM:07:07:17/08/2026

808 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی هەرێم، جەختدەکاتەوە ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدار و رەتکراوەیە کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق، ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پێشهاتێکی مەترسیدار وەسف کرد و رایگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکات کە نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی لە هەرێم کردە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدار و رەتکراوەیە کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق، ئاسایشی هاوڵاتییان و سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی تەواوی عێراق کردەوە؛ هاوکات ئەوەی خستووەتەڕوو، بە ئامانجگرتنی هەر بەشێک لە خاکی وڵات، یاخود بەرپرسان و دامەزراوە فەرمییەکانی، بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ پاساو و بارودۆخێکدا قبووڵکراو نییە.

داواش دەکات دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکات دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ وردەکاری و لێکەوتەکانی ئەم دەستدرێژییە بکەن، و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی بگرنە بەر.













گەلەری