سەردێڕ:

دارایی و ئابووری حکومەتی ماوەبەسەرچوو: زیاتر لە ٨٣٠ ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێم

PM:01:02:17/08/2026

1196 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ماوەبەسەرچوو ڕایگەیاند، بڕی ٨٣٠ ملیار و ٧٨٢ ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، و دوای وەرگرتنی پارەکە بە کاش دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ماوەبەسەرچوو بڵاویکردەوە، ٨٣٠ ملیار و ٧٨٢ ملیۆن دینار وەک مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق ١٢٠ ملیار دیناری، لە بەرامبەر داهاتی نانەوتیی هەرێم و زياتر لە سێ ملیار دیناری خانەنشینانی بڕیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ١٢٠ ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ، لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز لە کۆی گشتیی تەمویلەکە کەمکردووەتەوە.

هاوکات، بڕی سێ ملیار و ٣٢٦ ملیۆن و ٩٣١ هەزار دیناری دیکە نەنێردراوە کە تایبەت بووە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

ئاماژەی بەوەکرد، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت.














گەلەری