لە هەولێر بەهۆی نەدانی قەرەبوو بە خاوەن باخەکان لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی پشتێنەی سەوزاییەوە شەڕ دروستبووە و سێ کەس بریندارن و پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، ئەو تۆمەتبارەی تەقەی کردووە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکان لە نزیک قەبرستانی مزووریان لە ناوچەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر، شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان خاوەنی باخاخەکانی ناو ماستەرپلانی پشتێنەی سەوزایی و کارمەندانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە ڕووی دا، بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.
بە پێێ زانیارییەکان، شەڕەکە لەسەر داواکاریی قەرەبووکردنەوە
دروستبووە، خاوەن باخەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەوەی بەبێ قەرەبووکردنەوە کار لەسەر
زەوییەکانیان دەکرێت و ڕێگرییان لە کارمەندانی کۆمپانیاکە کردووە، لە ئەنجامدا ئاڵۆزی
دروست بووە، بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
هاوکات پۆلیسی
هەولێر لەبارەی رووداوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەبارەت بە دروست بوونی کێشەو ئاڵۆزی و ڕێگری کردن لە کۆمپانیای جێبەجێکاری
دروستکردنی پرۆژەی (پشتێنەی سەوزاری) شاری هەولێر کە دەکەوێتە سنووری ناحیەیی بەحرکە،
لە لایەن چەند هاوڵاتیەکی ئەو سنوورە ڕێگری لە کارمەندانی کۆمپانیاکە کراوە و هێرش
کراوەتە سەریان و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
دەشڵێت، لە سەر
ئەم ڕووداوە ئەو تۆمەتبارەی تەقەکانی کردوە بەناوی ( م ، ت ، ت ) لە لایەن
هێزەکانمانەوە بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراوە
و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.