PM:05:44:16/08/2026
840 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی بە غیابی، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ عەممار جەبر خەلیل، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین دەرکردووە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا و زیادبوونی گوماناویی سەرمایەکەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئابی ٢٠٢٦، بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی دادگا جگە لە سزای زیندانیکردنەکە، بڕیاری داوە بە سەپاندنی سزایەک بە بڕی یەک ملیار و ٧٢٨ ملیۆن و ٧٤ هەزار دینار، کە هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ بڕی ئەو سەرمایەی بە ناڕەوا بەدەستی هێناوە، لەگەڵ پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی هەمان بڕە پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەپێی یاسای هەموارکراوی دەستەی دەستپاکی.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، نە گەڕاندنەوەی پارەکە
و نەدانی سزاداراییەکە، لەدوای بەسەرچوونی ماوەی زیندانییەکەشی نابێتە هۆی
ئازادکردنی تۆمەتبارەکە لە حاڵەتی دەستگیرکردنیدا، تاوەکو تەواوی بڕە پارەکە نەگەڕێنێتەوە.
هەروەها دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و
ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتبارەکە و هاوسەرەکەی پەسەند کردووە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی
سەرمایەی کوڕەکەی.