PM:02:11:16/08/2026
1036 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، لە ماڵی بریکاری وەزیری کارەبای عێراقدا نزیکەی نۆ ملیار دینار و حەوت قاڵب زێڕ و بڕێکی زۆر خشڵی گرانبەها دەست بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، لە ماڵی خالید غەزای، بریکاری وەزیری کارەبای عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، دەستیان بەسەر ملیارێک و ١٧٥ ملیۆن دیناری عێراقی و پێنج ملیۆن و ٨٣٩ هەزار دۆلاری ئەمەریکیدا گرتووە، کە بە دینار دەکاتە نزیکەی نۆ ملیار دینار.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەو پارەیە، حەوت قاڵب
زێڕ و بڕێکی زۆر لە خشڵ و ئێکسسواراتی گرانبەها دەستی بەسەردا گیراوە و کۆنووسی
فەرمیی دەستبەسەرداگرتنیش بۆ سەرجەم کەرەستە و پارەکان ئامادەکراوە، پاشان لەگەڵ
کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا ئاڕاستەی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون
تاوەکو رێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنە بەر.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا
ناوبراو لەلایەن هێزێکی سەر بە دەستەی دەستپاکییەوە دەستگیرکرا، و بەگوێرەی
زانیارییەکان، پرۆسەی دەستگیرکردنەکەی پەیوەندیی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە هەبووە لە
گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبادا.