سەردێڕ:

موسوڵمانان یادی لەدایکبوونی محەمەد پێغەمبەر (د.خ) بەرز ڕادەگرن

AM:11:15:25/08/2026

800 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ موسڵمانانی کوردستان و سەرانسەری جیهان یادی لەدایکبوونی محەمەد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەرز ڕادەگرن کە ئەم بۆنەیە، لە لای زۆرینەی مسوڵمانان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و وەک نەریتێکی ساڵانە بە شێوازی جیاواز یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە.


لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکی بە بەخشینی خواردن و شیرینی و خێرکردن، بەسەر هەژاراندا و سازکردنی کۆڕی مەولود و زیکری خودا، و پێغەمبەر (د.خ) پێشوازی لەم بۆنەیە دەکەن.

بەپێی زۆرینەی چاوگە مێژوویی و ئاینییەکان لەدایکبوونی پێغەمبەر دەکەوێتە دوازدەی مانگی رەبیعەلئەوەلی، مانگی عەرەبییەوە و لای ئەو کەسانەش کە باوەڕیان بە بۆنەی مەولود هەیە تەواوی مانگەکە وەک مانگی مەولود ناو دەبرێت، بەشێکی زۆری مسوڵمانان لەو مانگەدا ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت رێکدەخەن و لەو مەراسیمانەدا سرود و قەسیدەی تایبەت، بە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەوترێت و خواردن و شیرینی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەکرێت و یاد و زیکری خودا و پێغەمبەرەکەی دەکرێت.

مێژووی مەولود ئەوا یەکێکە لەو بابه‌تانەی قسە و باسی زۆری لەسەر کراوە، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە بۆ یەکەمجار ئەم بۆنەیە لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری کوڕی زەینەدینی عەلی، ناسراو بە سوڵتان موزەفەر بەرز ڕاگیراوە کە ناوبراو لە سەردەمی دەسەڵاتی سەڵاحەدینی ئەیوبی حاکمی شاری هەولێر بووە.

لەگەڵ هاتنی مانگی مەولوددا زۆرینەی مسوڵمانان دەبنە دوو بەشی سەرەکی و بەشێکیان پێیان وایە، رێکخستنی مەراسیم و ئاهەنگەکان بەو بۆنەیەوە بیدعەیە و داهێنراوە لە دینی ئیسلامدا و دروست نییە و بەڵگەشیان بۆ بیروبۆچوونەکەیان ئەوەیە، کە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) خۆی ئەو یادەی نەکردووەتەوە و گرنگی پێنەداوە و نەک هەر خۆی بەڵکو چوار خەلیفەکەی راشیدینیش، کە بە نزیکترین کەسەکانی ئەو دادەنرێن لەپاش خۆی ئەم بۆنەیەیان بەرز ڕانەگرتووە.

لە بەرامبەردا بەشێکی تری مسوڵمانان رێکخستنی مەراسیم لەیادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بە کارێکی دروست و ئاسایی دەزانن، و زۆرینەی ئەوانەی ئەم بیروبۆچوونەشیان هەیە دەڵێن مەولود بەشێک نییە لەو ئەرک و سوننەتانەی، لە قورئان و فەرموودەوە پێیان گەیشتووە و بیدعە تەنها ئەو ئەرک و سوننەتانە دەگرێتەوە کە ئاماژەیان پێدراوە، واتا داهێنانی نوێژێکی نوێ یاخود رۆژوو و هەر ئەرکێکی تری هاوشێوەی ناو دینی ئیسلام، بەڵام مەراسیمەکانی تایبەت بە مەولود یادی خودا و پێغەمبەر تێدا دەکرێت و هیچی تر.

لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە بەشێکی زۆری مسوڵمانان مانگی مەولود، بە رێکخستنی بۆنە و مەراسیمەکان و بەخشینەوەی خواردن و شیرینی و خێرکردن، بەرز ڕادەگرن و هەموو ساڵێکیش لەو بەروارەدا کەش و هەوایەکی ڕۆحی تایبەت، باڵ بەسەر مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا دەکێشێت.













گەلەری