سەردێڕ:

بەردەڕەش؛ تەرمی پێشمەرگەیەک کە شوێنەواری فیشەکی پێوەیە دۆزرایەوە

PM:09:25:15/08/2026

1096 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی بنکەی فریاکەوتنی ساڕێژ لە خەبات بە ئێن ئاڕ تی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری بەردەڕەش، تەرمی پێشمەرگەیەک دۆزراوەتەوە، کە شوێنەواری گوللە بە سەریەوەیەتی.


ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئابی ٢٠٢٦، مەروان زراری، بەرپرسی بنکەی فریاکەوتنی ساڕێژ لە خەبات بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی ئەو پێشمەرگەیە هێنرایە بنکەکەمان کە فیشەکێک بەر سەری کەوتبوو. بەپێی پشکنینەکان، زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر گیانلەدەستدانیدا تێپەڕیوە."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی ناوچەی باڵەکایەتییە. تەرمەکەی لە نێوان ناحیەی کەڵەک و گوندی بشیریان دۆزراوەتەوە.
وتیشی، سەرەتا گواستراوەتەوە بۆ بنکەی تەندروستیی ساڕێژ لە خەبات، دواتریش بە مەبەستی توێکاریی پزیشکی رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هۆکاری گیانلەدەستیانەکەی نازانرێت و لە نزیک شوێنی ڕووداوەکەش چەکێک دۆزراوەتەوە.












گەلەری