نزیکەی ٤٠ حاڵەتی سورێژە لە هەولێر تۆمار کراوە و بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێریش دەڵێت، بەمەبەستی چارەسەر وەرگرتن سەرجەمیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئابی ٢٠٢٦، بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، ٣٩ منداڵی تووشبوو بە نەخۆشیی سوورێژە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون، سەرجەمیان براونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لانی کەم دوو هەفتەی پێویستە، ئەو منداڵانە
لە سەرەتای ئەم مانگەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئێستا نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتووە،
بۆیە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
باسی لەوەش
کرد، چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان هیچ منداڵێک بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانی لەدەست
نەداوە، بەو پێیەی ڤایرۆسەکە لە هەوادا دەگوازرێتەوە و هەر منداڵێکی نەخۆش دەتوانێت
١٠ منداڵی دیکە تووش بکات، ئێستا تیمی بنکە تەندروستییەکان هەڵمەتێکی پێدانی ڤاکسین
بەڕێوە دەبەن بۆ راگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
هاوکات هۆشداری
دەداتە دایکان و باوکان و دەڵێت، پێنەدانی ژەمە ڤاکسین لە تەمەنی نۆ مانگیدا بە
منداڵەکانیان هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە ڤایرۆسەکە، ئەگەر لە وادەی دیاریکراوی
کوتان دواکەوتن، دەتوانن سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن بۆ وەرگرتنی.