سەردێڕ:

هەرێم و بەغدا جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ دەکەن

PM:02:42:15/08/2026

440 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای تایبەت بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران، ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی وردەکاری و خاڵەکانی رێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وڵات کرا.


ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئابی ٢٠٢٦، نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی باڵای تایبەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران لە هەولێر کۆبووەتەوە، تێیدا قاسم عەبودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکایەتیی شاندی باڵای ئەمنیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی وردەکاری و خاڵەکانی رێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وڵات کراوە، بەتایبەت لە پرسی پاراستنی سنوورەکان، رێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچێتی، هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانە کراوە کە تا ئێستا جێبەجێ کراون و جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ئەوەش پاڵپشت بە رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق.













گەلەری