سەردێڕ:

فرۆشتنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری ڕادەستی دوو کۆمپانیای پارتی کرا

PM:01:35:15/08/2026

972 جار خوێندراوەتەوە

دوای فشارەکان حکومەتی ماوەبەسەرچوو بڕیاریدا نرخی لیترێک بەنزین بکات بە ٧٥٠ دینار بەڵام بەپێی زانیارییەکان فرۆشتنی بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە لە سامانە سروشتییەکانەوە ڕادەستی دوو کۆمپانیای پارتی کراوە.


ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئابی ٢٠٢٦، دوای فشارەکان حکومەتی ماوەبەسەرچوو بڕیاریدا نرخی لیترێک بەنزین بکات بە ٧٥٠ دینار و بڕیاریشە لە ئەمڕۆوە ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی ٧٥٠ دیناریی دەفرۆشن زیادبکرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی فرۆشتنی بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە لە سامانە سروشتییەکانەوە ڕادەستی دوو کۆمپانیای پارتی کراوە و ئەوان سەرپەرشتیی فرۆشتنی دەکەن.

حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەبارەی پڕۆسەی فرۆشتنی بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکەوە دەڵێت، لە ٤٣ بەنزینخانە فرۆشتنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری دەستپێدەکات و بڕیارە هەر بەنزینخانەیەک ڕۆژانە ٣٦ هەزار لیتری بەنزینی ٧٥٠ دیناری پێبدرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرانی ئێن ئاڕتی هێشتا زۆربەی ئەو بەنزینخانانەی دیاریکراون بۆ فرۆشتنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری بەنزینەکەیان پێنەگەیشتووە بۆیە فرۆشتنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە بەشێکیان دەستیپێنەکردووە.

جێگری پارێزگاری هەولێر بە میدیای پارتی وتووە، بڕیارە لە ئەمڕۆوە بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی ٧٥٠ دینار لە نزیکەی ٨٠ بەنزینخانەی سنووری هەولێر و دەوروبەری بفرۆشرێت.

سەبارەت بە سلێمانیش بڕیارە لەمڕۆوە بڕێکی زیاتر بەنزین بگاتە سنووری پارێزگاکە و لە ١٣ بەنزینخانەی سنووری پارێزگاکە بەنزینی ٧٥٠ دیناری دەفرۆشرێت و هەر بەنزینخانەیەک یەک تانکەری ٣٦ هەزار لیتری پێدەدرێت. لە دهۆکیش باس لەوە دەکرێت لە ٢٥ بەنزینخانە لە پارێزگاکە ئەم بەنزینە دەفرۆشرێت.

پارێزگای هەڵەبجەش لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە دوو بەنزینخانەی سەرەکی شارەکە دەفرۆشرێت. نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجەش بە ئێن ئاڕتیی راگەیاند، بەنزینە ٧٥٠ دینارییەکە بۆهەڵبەجە زیادکراوە و بڕەکەشی بەشی پێویستی هەڵەبجە دەکات لەو دوو بەنزینخانە سەرەکیە دابەش دەکرێت کە لە هەڵەبجە دیاریکراون.

هاوکات لە راپەرینیش بریارە لە سبەینێوە بەنزینەکە لە بەنزینخانە نوێیەکان دابەشبکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەو بەنزینە ٧٥٠ دینارییەی لە ئەمڕۆوە لە بەنزینخانەکاندا دەفرۆشرێت، هەمان ئەو بەنزینەیە کە پێشتر لە ژمارەیەکی کەم لە بەنزینخانەکاندا دەفرۆشرا بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو ژمارەی بەنزینخانەکانی زیادکردووە، هەرچەندە پێشتر حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەیوت کە ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە کەمە و تەنها یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەمدەهێنرێت و چارەکێکی پێداویستی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە، بەڵام  پاش فشارەکان لە بەغداوە ئێستا لەناکاو ژمارەی بەنزینخانەکانیان زیاد کردووە و بەپێی ئەو ژمارەیەش بێت بەنزینی ٧٥٠ دیناری دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا.

 

 

 

 














گەلەری