سەردێڕ:

ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاشکراکرا

PM:11:20:08/02/2026

1064 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی ستراتیژی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کراون. بەڵام باسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدی سەرۆک وەزیران نەکراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی، میوانداری کۆبوونەوەی ئاسایی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد، بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار و هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەکانی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەکانی ناو هاوپەیمانییەکە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانییەکە خۆشحاڵیی خۆی بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی کە لەلایەن سەڵتەنەتی عوممانەوە میوانداری دەکرێن.

ئیدارەی دەوڵەت داوای کرد زمانی دیالۆگی جدی و بژاردەی دانوستان بکرێتە بنەما، بە شێوەیەک ناوچەکە و جیهان لە مەترسی و وێرانکارییەکانی جەنگ بپارێزرێن، کە جەنگ تەنیا دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکان.

هاوکات هاوپەیمانییەکە ستایشی هەوڵی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی کرد بۆ رێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگ و جەختی کردەوە لەسەر رەتکردنەوەی ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئێران، کە پێچەوانەی سەرجەم نەریت و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی لێدوان، وتاری میدیایی و رەفتارەکان کردەوە، بە جۆرێک کە دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندیی باڵای عێراقدا بگونجێن و وڵات تووشی ئاڵۆزی نەکەن.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆسیەی زیندانیانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە، هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ رێکارە یاسایی و دادوەرییەکانی عێراق دووپات کردەوە بۆ زامنکردنی دادپەروەری.

لەو چوارچێوەیەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو وڵاتانەی کە تیرۆریستەکان هەڵگری رەگەزنامەکانیانن، وەریانبگرنەوە و دادگاییان بکەن تا سزای خۆیان وەربگرن.














گەلەری

‌بەپەلە