سەردێڕ:

قەیس خەزعەلی دۆستی دوێنێی مالیکی
و بەرهەڵستکاری ئەمڕۆ!

PM:12:54:08/02/2026
664 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+ -

لەکاتێکدا ئێران پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ مالیکی و قەیس خەزعەلی هەیە و لە ڕابردووشدا بە نزیکترین وەلائییەکانی ئێران ناسراون بە ئێستاشەوە، بەڵام ئەم پەیوەندییە بەهێزەی ئێران نەبووەتە هۆی ڕێگری لە ناکۆکیی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە بەهێزەی ساحەی سیاسی لە عێراقدا، تا ڕادەی ئەوەی لە ئێستادا بە ئاشکرا خەزعەلی نووری مالیکی پێ قبووڵ نییە بۆ ئەوەی چوار ساڵی داهاتوو، بە سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێت. ئەمەش چەندین هۆکاریخۆی هەیە کە دەکرێت لێرەدا بەشێکی ئاماژەی پێبکرێت:
-١ بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا وەک براوەیەکی گەورە سەریهەڵدا. ئێستا خۆی وەک میراتگری دەسەڵاتی ناوەندی دەبینێت و ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمێک کە مالیکی – بە شێوەیەکی نەریتی وەک سەرکردەیەکی بەهێزی شیعە نمایش بکرێتەوە.

٢- خەزعەلی ئەو دەستەواژەیەی دەدرێتە پاڵ کە سەرۆک وەزیرانێکی دەوێت وەک بەڕێوەبەرێکی گشتی مامەڵە بکات نەک وەک باوکسالارێکی سیاسیی بەهێز. ئەمەش پێچەوانەی شێوازی دەسەڵاتداریی مالیکییە، بەو پێیەی کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و هەتا کاندیدبوونی وەک نوێنەری ماڵی شیعی لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە.

٣- پەستانی دەرەکی؛ ئیدارەی ئەمریکا (لەسەردەمی سەرۆک ترامپدا) "هۆشداریی بێ وێنەی" لە دژی گەڕانەوەی مالیکی دەرکردووە. خەزعەلی و کەسانی دیکە ترسیان لەوە هەیە کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی مالیکی ببێتە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و مەترسیی هێرشی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دواجار بکەوێتە بەر مەترسیی لەنێوچوون.
 -٤ڕکابەریی ناوخۆیی؛ بەپێی زانیارییەکان خەزعەلی پشتگیری لە بیرۆکەی هێشتنەوەی محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق یان کاندیدێکی کۆدەنگی لەسەر بێت دەکات، چونکە پێیان وایە ئەمە ڕێگە بە بلۆکەکانی هاوپەیمانیی میلیشیاکان دەدات کە کۆنترۆڵی وەزارەتە سەرەکییەکان بەبێ هەژموونی ناوەندیی مالیکی بپارێزن. هەرچەندە مەرجی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیی عێراق ڕێگری و بەشداری نەکردنی ئەو سیاسییانەیە لە حکوومەتی داهاتوودا، کە خاوەنی میلیشیا و چەکی دەستی گرووپە جیاوازەکانن.

٥- خەزعەلی هەوڵدەدات ئەولەوییەت بدات بە کاندیدێک کە بتوانێت پەیوەندییەکی "هاوسەنگ" لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت بۆ ئەوەی دووربکەوێتەوە لە گۆشەگیری. وەلێ خەزعەلی سەرۆکوەزیرانێکی دەوێت کە قەرزاری بلۆکە میلیشیاکان بێت، لە کاتێکدا مالیکی هەوڵدەدات دەسەڵاتی کەسیی خۆی بەسەر دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانیدا جێگیر بکات و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نفوزی خۆیان و سەقامگیریی ناوچەیی عێراق سەیری دەکەن.


گەلەری