سەردێڕ:

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم: ئاستی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکان بە رێژەی ٪٢٠٠ زیادیکردووە

PM:01:19:08/02/2026

1040 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم دەڵێت، شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەمساڵ، ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستانیان بۆ قۆناغێکی دڵنیایی بەرز گواستووەتەوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی گلدانەوەی ئاو لە هەندێک ناوچەدا بە رێژەی ٢٠٠٪ زیادی کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم وتی، رێژەی دابارین لە ناوچە جیاجیاکاندا رێژەی نێوان ٪١٠٠ بۆ ٪٢٠٠ـی تۆمار کردووە، کە ئەمە یەکێکە لە ئامارە دەگمەنەکانی ساڵانی رابردوو.

وتیشی، بەهۆی چڕی بارانبارینەوە، ژمارەیەک بەنداوی گرنگ گەیشتوونەتە دوا قۆناغی کۆگاکردن و سەرڕێژیان کردووە،

ئەوانیش، بەنداوەکانی سنووری گەرمیان و سلێمانی، بەنداوی کۆیە لە پارێزگای هەولێر، بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆک. پێشبینیشی کرد، لەگەڵ بەردەوامیی دابارین، بەنداوەکانی دیکەی هەرێمیش بگەنە بەرزترین ئاستی خۆیان.

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ بەنداوی ستراتیژیی گەورە و ٢٢ بەنداوی بچووک و مامناوەندە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکان باسی لەوەشکرد، ئەم زیادبوونە لە یەدەگی ئاو، چەندین دەستکەوتی ستراتیژی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەستەبەر دەکات، کەرتی کشتوکاڵ دەبووژێتەوە و ئاوی پێویست دابین دەکات بۆ پرۆژە کشتوکاڵییەکان، کاریگەری راستەوخۆشی دەبێت لەسەر زیادکردنی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها سیستەمی ئیکۆلۆژی لە هەرێم دەبووژێنێتەوە و پاراستنی ژینگە زیاتر دەبێت.













گەلەری