سەردێڕ:

ئەحمەد شەرع: پابەندین بە دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا

PM:05:22:03/02/2026

840 جار خوێندراوەتەوە

لە میانەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی کاتی سوریا و شاندێکی ئەنەکەسە، ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر مافە دەستووریەکانی کورد کردەوە و مەرسوومی ژمارە ١٣ـی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی تایبەتمەندییە کولتوورییەکان وەسف کرد.


ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵاتەکە، لە کۆشکی شەعب، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) کرد.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی تەواوی دەوڵەت بە دەستەبەرکردن و پاراستنی مافی هاوڵاتییانی کورد، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی وڵات، بە جۆرێک کە لەگەڵ مادە و بڕگەکانی دەستووری وڵاتدا بگونجێت.

لای خۆیەوە، شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، خۆشحاڵیی خۆیان بە دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتیی سووریا ژمارە ١٣ دەربڕی و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد.

لە راگەیەنراوەەکەدا هاتووە، شاندەکە دەرچوونی مەرسوومەکەیان بە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ وەسف کرد لە پێناو چەسپاندنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتەی کورد لە سووریا.













گەلەری