هەسەدە دەقی رێککەوتنەکەی نێوانیانی لەگەڵ حکومەتی سوریا بڵاوکردەوە و بەپێی رێککەوتنەکە هیزکان یەکدەخرێن و لەوناوچانەی بەریەککەوتن هەیە دەکشێنەوە.
ئەمڕۆهەینی ٣٠ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، هەسەدە وتی، رێککەوتن لەسەر راگرتنی تەقەکردن لەنێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەپێی ڕێککەوتنێکی گشتگیر کرا، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر پرۆسەیەکی یەکخستنی زنجیرەیی هێزە سەربازی و کارگێڕییەکان لەنێوان هەردوولادا.
دەشڵێت، رێککەوتنەکە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی
بەریەککەوتن، چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ نێو
سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە
ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە. هەروەها پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە سێ
لیوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆدەگرێت، جگە لە پێکهێنانی لیوایەکی
هێزەکانی کۆبانی لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب.
وتیشی، رێککەوتنەکە تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە
چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و جێگیرکردنی فەرمانبەرە شارستانییەکان
لەخۆدەگرێت. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی
گەلی کورد و زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کرا.
باسی لەوەشکردووە، ئامانجی رێککەوتنەکە یەکخستنەوەی خاکی سوریا و
بەدیهێنانی پرۆسەی تێکەڵکردنی تەواوەتییە لە ناوچەکەدا، لە ڕێگەی بەهێزکردنی
هاوکاریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی
وڵات.