PM:05:13:28/01/2026
1608 جار خوێندراوەتەوە
لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری کەرکوک، خوێندکارێکی کوردی پۆلی نۆی ناوەندی لەکاتی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵی بابەتی هونەر، وێنەی ئاڵایەکی کوردستانی کێشاوە، بەهۆیەوە لەلایەن مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە دەرکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، قوتابی (دیار خەلیل ئیبراهیم) کە لە خوێندنگەی "ئەجیال نەسری" لە شاری کەرکووک دەخوێنێت، لە کاتی تاقیکردنەوەی وانەی هونەردا، وێنەی ئاڵای کوردستانی وەک بابەتێکی هونەری کێشابوو. بەو هۆیەوە لەلایەن کارگێڕی قوتابخانەکەیەوە سزایەکی توند درابوو، کە بریتیبوو لە دەرکردنی لە قوتابخانە و بێبەشکردنی لە خوێندنی ساڵی (٢٠٢٥-٢٠٢٦).
هاوکات لەوبارەیەوە ئالان
حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، لایەنی پەیوەندیدار لە پەروەردەی کەرکوک
بەڵێنیانداوە سبەی کێشەکە چارەسەر بکەن و پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئیدارەی
ئەو خوێندنگەیە بکرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی
هەواڵەکە و دروستبوونی ناڕەزایەتی، سامان بەرزنجی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی
کەرکووک رایگەیاندووە، "دەستبەجێ دوای ئاگاداربوونمان لە کێشەکە، وەکو پەروەردەی
کەرکووک دەستوەردانمان کرد و بڕیاری دەرکردنی ئەو قوتابییەمان بە هەموو شێوەیەک هەڵوەشاندەوە."