سەردێڕ:

دووبارەبوونەوەی ئەزموونی کۆماری کوردستان
لە رۆژئاوادا

PM:12:49:28/01/2026
392 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵا
+ -

لە ماوەی پێشوودا کورد لە رۆژئاوای وڵاتدا رووبەڕووی گەورەترین کارەسات بووەوە، ئەوەش پاش هێرشی بەربڵاوی میلیشیا و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی دیمەشق و هۆزە عەرەبییەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان. ئەمەش بە پاڵپشتی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، کە لە رووی سەربازیی و لۆجستیی و دارایی و میدیایی و سیاسییەوە پاڵپشتیی حکومەتەکەی جۆلانیان کرد، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە کە رووبەڕووی کورد بوویەوە، پشتکردن و وازهێنانی ئەمریکا بوو لە شەڕڤانانی کورد و هەسەدە لە رۆژئاوادا، ئەمەش لەپاشئەوەی ماوەی چەندین ساڵە، ئەمریکا پشتی بەو هێزانە بەستووە، بۆ رووبەڕووبونەوەی چەتەکانی داعش و هاوشێوەکانی، بەڵام دواجار پشتی لە کورد کرد و پشتگیریی جۆلانی و چەتەکانی کرد کە پێشتر پەلاماری هێزە ئەمریکییەکانیان دەدا لە عیراق و سوریا.

پێشتر جۆلانی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە وەکو تیرۆریست و تاوانبارێک ناسرا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بۆتە دۆستی ئەمریکا و هەسەدەش کە دژی چەتەکانی داعش بوون و خۆیان بە دۆستی ئەمریکا دادەنا، هەزاران رۆڵەی نازداری کوردیش لەم پێناوەدا شەهید بوون، ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە، چیتر پێویستییان پێیان نەماوە و ئەو هاوپەیمانێتییە تەواو بووە.

لەهەمانکاتدا لەم چەند رۆژەی پێشوودا یادی رووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد دەکەینەوە، کە ئەمیش ئەزموونێکی کوردی بوو، پێش ٨٠ ساڵ لە رۆژهەڵاتی وڵاتدا روویدا، بەڵام بەداخەوە پاش ١١ مانگ، ئەو ئەزموونە شكستی هێنا.

کاتێک سەیری هۆکاری سەرەکیی رووخانی کۆماری کوردستان دەکەین، سەیردەکەین، هەر هەمان هۆکارە کە ئەمڕۆ لە رۆژئاوادا روودەدات، کاتێک یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، ئێرانی داگیرکرد، کورد ئەم هەلەی قۆسەتەوە و خۆی بە دۆستی سۆڤیەت دانا، سەرەتا سۆڤیەت پشتگیری کوردی کرد، بەڵام دواتر لەبەر بەرژەوەندی خۆی، پشتی لە کۆماری کوردستان کرد، ئەمەش وایکرد کە دووبارە سوپای ئێران پەلاماری ناوچە کوردییەکان بدات و کۆمارەکە برووخێنێت، لەوانەبێت ئەوەی کە ئەمڕۆ لە رۆژئاوا روودەدات، کەمێک جیاواز بێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی لە کارەساتەکە، هەر هەمان هۆکارە.

زلهێزێکی جیهانی دێتە کوردستان، کوردیش بە ناچاری پێشوازی لێدەکات و خەونەکانی پێدا هەڵدەواسێت، بەڵام دواجار کاتێک ئەو زلهێزە بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بەدەستدەهێنێت، پشت لە کورد دەکات، بەمشێوەیەش گەلی کورد رووبەڕووی کارەسات و کۆمەڵکوژی دەبێتەوە.

کێشەی سەرەکی لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی کە ئێمەی کورد تووشی دەبینەوە، ئەوەیە کە بیر لە هۆکاری هەڵەکان ناکەینەوە و چارەسەری گونجاو دانانێین، بۆئەوەی دووبارە ئەو هەڵانە نەکرێتەوە، هەرئەمەش وادەکات کە هەموو چەند ساڵێک، هەمان کارەسات دووبارەببێتەوە، ئێمە نابێت زلهێزەکان تاوانبار بکەین بەوەی کە ئێمە بۆ ماوەیەک بەکاردەهێنن و پاشئەوەی ئامانجەکانیان بەدەستدەهێن، پشتمان تێدەکەن، چونکە ئەوان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن.

ئێمە گەلێکی چەوساوەین و لە قۆناغی خەباتی رزگارییخوازیداین، زلهێزەکانی جیهانیش بەتایبەتی لە ئێستادا هەموویان خەون و بەرژەوەندیی ئیمپریالیستی خۆیان هەیە، هەریەکەیان دەیەوێت وڵاتی زیاتر داگیربکات، هەربۆیە بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی ئێمە و ئەوان یەک ناگرێتەوە، ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە من داوای ئەوە بکەم دژیان بووەستینەوە، بەڵکو دەڵێم نابێت پشتیان پێ ببەستین، ئێمە دەبیت هەوڵی ئەوە بدەین، لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە کوردی تێدا دەژی، مافەکانی خۆمان بپارێزین، چونکە دواجار ئەو زلهێزانە هەر لەگەڵ ئەواندا مامەڵە دەکەن و پشت لە ئێمە دەکەن.

گەلەری