سەردێڕ:

پەخشی چەند کەناڵێکی بیانی و عەرەبی لە هەرێم قەدەغە کرا

PM:03:35:28/01/2026

1508 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی رۆشنبیری داوا لە كۆمپانیاكانی پەخش دەكات کە پەخشی ئەو کەناڵە بیانی و عەرەبییانە رابگرن كە بوونەتە هۆکاری پشێووی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بە رەمزە نەتەوەییەكانی کوردەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە دەرچووە، داوا لە کۆمپانیاکانی پەخش دەکات ژمارەیەك کەناڵە بیانی و عەرەبی لەڕایەڵەكانتان رابگرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەتایبەتی پەخشی ئەو کەناڵانەی کە لە باری ئێستای کوردستاندا بوونەتە هۆکاری پشێووی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بە رەمزە نەتەوەییەكانی کورد رابگیرێن، بۆیە پەخشکردنی ئەو کەناڵانە پێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانە.

بەگوێرەی نوسراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیری، لە دەرچوونی ئەم ئاگادارییەوە، پێویستە كۆمپانیاكان دەستبەجێ ناوەڕۆکەکەی جێبەجێ بكەن.

ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات کە لە ماوەی رابردوودا چەند کەناڵێکی بیانی و عەرەبی لە رێگەی بەرنامەکانیانەوە هێرشیان کردبووە سەر پیرۆزییەکانی نەتەوەی کورد کە ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناوەندە میدیایی و جەماوەرییەکاندا لێکەوتەوە.


 













گەلەری