سەردێڕ:

روونکردنەوەیەک لە نەخۆشخانەی دەروونییەوە لەبارەی بکوژی سێ کەسەکەی هەولێر

PM:03:21:28/01/2026

1268 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر وردەکاریی دۆسیەی تۆمەتبارەکەی هەولێر ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "چەندین جار باوکی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی لە نەخۆشخانە دەریهێناوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا وردەکاریی دۆسیەی ئەو کەسەی خستەڕوو کە تۆمەتباربووە بە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانێک، جەختیش دەکاتەوە، ئەوان دامەزراوەیەکی پزیشکین نەک بەندیخانە و پێشتر لایەنە ئەمنییەکانیان لە راکردنی ئەو نەخۆشە ئاگادار کردووەتەوە.

نەخۆشخانەکە لە سەرەتای روونکردنەوەکەدا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، رایگەیاندووە، "ئەم روونکردنەوەیە بۆ کەمکردنەوەی گەورەیی کارەساتەکە یان پاساو هێنانەوە نییە، بەڵکو بۆ رای گشتییە".

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لەسەر بنەمای پزیشکی جیهانی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردن، ئەگەر نەخۆشخانە بکرێتە بەندیخانە بۆ رێگری لە راکردن، ئەوا لە پرەنسیپی پزیشکی دوور دەکەوێتەوە،

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لێرە کاربە یاسای (Mental Health Act) ناکرێت وەک وڵاتانی پێشکەوتوو کە دەسەڵات بداتە نەخۆشخانە بە زۆرەملێ نەخۆش بهێڵێتەوە یان بیگەڕێنێتەوە، هەروەها نەخۆشخانەی دادی دەروونی (Forensic) نییە کە تایبەت بێت بەو نەخۆشانەی تاوانبارن."

سەبارەت بە مێژووی نەخۆشیی تۆمەتبارەکە، نەخۆشخانەکە روونیکردووەتەوە، "ئەم کەسە وەک نەخۆش هاتووە نەک تاوانبار، یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٨ خەوێندراوە و چەندین جاری دیکەش بڕیاری خەواندنی بۆ دراوە، بەڵام هەموو جارەکان مانەوەکەی لە ٢٤ کاتژمێر تێپەڕی نەکردووە و باوکی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی و بەدەر لە رێنمایی پزیشکی لە نەخۆشخانە دەریهێناوە."

نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر ئاشکراشی کرد، لە ٢١ـی مانگی ١٢ـی ساڵی رابردوو نەخۆشەکە پێش کردنەوەی پەڕاوی پزیشکی لەدەست باوکی و پۆلیس هەڵاتووە، دواتر لە رۆژی ٢٤ـی هەمان مانگ باوکی هێناویەتییەوە و دووبارە خەوێندراوەتەوە، جارێکی دیکە لە چەند رۆژێک دواتر لەکاتی پاککردنەوەی شوێنەکەی، نەخۆشەکە هەلەکەی قۆستووەتەوە و رایکردووە.

نەخۆشخانەکە جەخت دەکاتەوە، کە دوای راکردنەکە، بە نووسراوی فەرمی هەردوو دەزگای ئاسایش و پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە.

لە کۆتاییدا نەخۆشخانەکە رایگەیاندووە کە هەموو بەڵگەنامەکان پارێزراون و ئامادەی هەر رێکارێکی یاسایین بۆ پاراستنی مافی هەموو لایەک.













گەلەری