سەردێڕ:

مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن لەبارەی ئاگربەستەوە گفتوگۆیان کرد

PM:11:55:22/01/2026

1080 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە سووریا دووپات کردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە کردەوە کە لەم دواییەدا لە نێوان هەسەدە و دیمەشق واژۆکران.


ئەمرۆ پێنجشەممە، ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و لە پەیوەندییەکەدا ماکرۆن پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕیوە کە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ دەدرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ماکرۆن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی گەڕانەوە بۆ رێڕەوی گفتوگۆ و دانوستان لە سووریا، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەیەکی هەمیشەیی و کۆتایی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە بکات.

بە پێی پۆستەکەی هەژماری عەبدی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی تەلەفۆنییەکە، تایبەت بووە بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریا دیموکرات و حکوومەتی سووریا.

هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە، بە شێوەیەک کە "مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا تێیدا پارێزراو بێت" و ببێتە هەوێنێک بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی.













گەلەری