سەردێڕ:

بەهۆی بەفربارینەوە هاتوچۆ هۆشداری دەداتە شۆفێران

PM:05:54:27/12/2025

884 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ئەمڕۆ بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هاتووچۆی سۆران هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئۆتۆمبیلەکانتان دەبڵ ئەکسل نەبێت و زنجیردار نەبێت، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان مەکەن.


ئەمڕۆ شەممە ٢٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران رایگەیاند، "ئاگاداری شوفێران و هاوڵاتییان دەکەین، کەوا هاتوچۆکردن لە رێگەکانی چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران، سۆران بۆ سیدەکان، بەتایبەتی لۆفەکانی سەری بەرد، زینی وەرتێ ئەستەم و زەحمەتە.

هاوکات بەهۆی بەفربارینەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە لە لۆفەکانی چیای پێرس گیریان خواردبوو و داوای بەهانوەچوونییان دەکرد.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی دینارتەش بڵاویکردەوە، "سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەناو بەفر لە چیای پێرس گیرییان خواردبوو رزگار کران و داواش لە هاوڵاتیان دەکەین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت رێگەی چیای پێرس بەکار نەهێنن".

لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش ئەمشەو شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و بەفربارین دەگاتە سەنتەری بەشێک لە شارەکان.














گەلەری