شەوى رابردوو لە گەڕەکێکی شاری هەولێر تەقە لە ماڵێک کرا، بەگوێرەى ئەو ڤیدیۆیانەى لە کامێراکانى چاودێرییەوە تۆمارکراون، تەقەرەکە لە ئۆتۆمبێلێک دادەبەزێت و تەقە لە ماڵێک دەکات و هەڵدێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکە ئامۆزایەکى خاوەن ماڵەکە بە ئێن ئاڕ تی وت، "ئەو کەسانەى تەقەیان کردووە، کێشەى زەوییان لەگەڵیاندا هەیە، کێشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٢٤".
وتیشی، کێشەکە
لەسەر زەوییەکە لە هەولێرى نوێ بەرامبەر شەقامى ١٢٠ مەترییە کە بەناوى ئامۆزاکانییەتی،
ساڵى رابردوو چەند کەسێک نێردراون هەڕەشەیان لە ئامۆزاکانى کردووە بۆ ئەوەى
دەستبەردارى ئەو زەوییە ببن، لە ئەنجامدا شەڕ روویداوە و دوو ئامۆزاى کوژراون.
دەشڵێت، لە
ساڵى ٢٠٢٤ـەوە چاوەڕێین یاسا سەروەر بێت و دۆسییەکە بجوڵێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا
نەجوڵێنراوە و بکوژەکان دەستگیرنەکراون، بەوتەى ئەو "بکوژەکان پشتیان هەیە".
وەک ئەو دەڵێت،
شەوى رابردوو، هەمان ئەو کەسانەى کێشەیان لەگەڵیاندا هەیە، تەقەیان لە ماڵى یەکێک
لە ئامۆزا کوژراوەکانى کردووە کە خێزان و منداڵەکانى لە ماڵەکەدابوون، بەڵام
سەلامەت دەرچوون، ئەوەش دووەمجارە لە ساڵى ٢٠٢٤ ەوە تەقەیان لێدەکەن.