سەردێڕ:

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ چیان پێویستە؟

PM:10:50:10/12/2025
508 جار خوێندراوەتەوە
کازم جەباری
+ -

ئەمڕۆ گەشتێکی مەیدانیمان بە چەند شوێن و گەڕەکێکی زیانلێکەوتووی قەزای چەمچەماڵدا کرد هەر لە ناو سەنتەری قەزاکەوە هەتا ناحیەیی شۆڕش و گەڕەکەکانی پیریادی و سەنگاوییەکان، کە بە ناوچەی چەقی زیانلێکەوتوانی لافاوەکە دادەنرێت و سەرمان لەو دۆست و هاوڕێ و نزیکانەدا کە بە تووندی بەر لێشاوی لافاوەکە کەوتبوون.

ئەوەی ئێمە بەدیمان کرد، ڕووداوەکە کارەساتبارە و بریتیە لە کارەساتێکی مرۆیی لە ئاستێکی بەرزدا، جگەلە گیانلەدەستدانی دوو کەس و چەند بریندارێک، ئەو خەڵکە زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، قەبارەی زیانەکان بەچەندان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، چونکە ماڵی وا هەیە هیچی بۆ دەر نەچووە، ماڵی وا هەیه هەموو کەرەستەکانیان لەکارکەوتوون و لەسەر چادەکە کۆیان کردوەتەوە بۆ فڕێدان.

ئەمە جیالەوەی چەندین کۆگا و سۆپەرمارکێت و دوکان زەرەر و زیانێکی زۆری مادیان لێکەوتووە و چەندین قوتابخانە و دام دەزگا بەدەر نەبوون لە لێشاوی لافاوەکە و زیانەکەکانی، هەروەها کتێبخانەی چەمچەماڵ کە خاوەن ژمارەیەکی زۆر کتێب و سەرچاوەی دانسقەبوو لە ناویاندان چەندان کتێبی دەگمەن، کتێبخانەکە یەکێک بوو لە کتێبخانە کۆنەکانی کوردستان پڕ بوو لە سەرچاوەی گرنگ و بە بایەخ، بەداخەوە لافاوەکە بەشێکی کتێبەکانی کتێبخانەکەی ڕاماڵی و ئاو تا ئاستێک چووبوە ناو ڕەفەی کتێبخانەکان و ڕەفەکانی بەسەریەکدا کێشابوو کتێبەکانی ڕاماڵی بوو.

لێرەدا ئەوە دەخەینەڕوو ئەوەی پێویسته ئەنجام بدرێت لە چەند ئاستێکدا دابەشکاریمان بۆ کردوە بەم شێوەیە:

یەکەم لەسەر ئاستی فریاگوزاری سەرەتایی:

١- لیژنەیەکی دادپەروەر پێکبهێنرێت بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانلێکەوتووان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان.

٢- تیمی بەهانەوە چوون دروست بکرێت بۆ پاککردنەوەی ئەو ماڵ و شوێنە گشتی و دام و دەزگایانەی بەر لافاوەکە کەوتوون. ئەوەی ئێمە بەدیمان کرد لە هەندێک شوێن هاوکاری و بەدەمەوەچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستێکی لاوازدابوو، لە هەندێک شوێنیش دەستی هاوکاری تیمەکانیان پێ نەگەیشتبوو.

٣- کارەبا و ئاویان نەبوو، باشتروابوو ئەم یەک دووڕۆژە ئەو گەڕەکانەی بەشێوەیەکی تووند ڕووبەڕووی لافاوەکە بوونەتەوە هەر هیچ نەبێت ئاوی بەلوعەیان بۆ بەربدرایەوە بۆ پاککردنەوەی ماڵەکانیان.

لەسەر ئاستی هاکاری مرۆیی و لۆجستی:

١- دوای پاککردنەوەی شوێنەکانیان، زیانلێکەوتووان بە پلەی یەک پێویستیان بە فەرش و هۆکارەکانی گەرمکەرەوە و خۆراکە.

٢- نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیالێکەوتووەکان هەم بۆ دام و دەزگا گشتیەکان هەم ماڵە لێقەوماوە کارەساتبارەکان.

٣- پاککردنەوەی مەنهۆڵ و دەرچەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و فڕێدان و پاککردنەوەی کەرەستە زیانلێکەوتووە بێ کەڵکەکان.

٤- دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ خەڵکی ناوچە کارەساتبارەکان.

سێیەم: لەسەر ئاستی پلانی دوورمەودا:

١- پێداچوونەوە بەو کەم و کوڕیانەی کە هۆکاربوون بۆ زیادبوونی قەبارەی ڕووداوەکە.

٢- دانانی نەخشە و ماستەرپلان بۆ شارەکە بەشێوەیەک کە لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی گەشەکردنی شارەکەدا بگونجێت، بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی شارەزا و پسپۆڕ، بە بەشداری کەسانی پسپۆڕی جیاواز.

٣- لێپرسینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم و ئەنجامدانی ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ ئەو کەسانەی هۆکاربوون بۆ زیادبوونی قەبارەی ڕووداوەکە.

٤- پێویستە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ وحکومەتی هەرێم بە جدی بە هانای خەڵکی شارەکەوە بێن و پێداویستیە سەرەکیەکانی شارەکە دابین بکەن، هەروەک شارەکە لە پێشتر و لە ئێستاشدا بەدەست چەندین کەم کوڕی و پێداویستی سەرەکیەوە دەناڵێنن. بە نمونە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری ژێرخانی لە ڕێگاوبان و پرد و ئاو و ئاوەڕۆ و شتی تر.

٥- گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی شارەکە بەڕەچاوکردنی پرەنسیپی (دانانی کەسی شیاو، لە شوێنی شیاو).

٦- کاراکردنەوەی جێبەجێکردنی یاسای پترۆ دۆلار، لە بەرامبەر خێروبێری شارەکە، کە مافێکی یاسایی خەڵکی شارەکەیە و بەهۆی دەوڵەمەندی شارەکە بە نەوت و غاز، کە لە ئێستادا ڕاگیراوە. ڕاگرتنەکەی کارەساتە پێدانەوەی ئەو مافە منەت نییە بەسەر خەڵکی شارەکە. کە دەبێتە دەستبارێکی باش بۆ پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوە و بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی شارەکە.

گەلەری