سەردێڕ:

ورده‌كاری و داتای زیانە گیانی و مادییەکانی لافاو لە سەرجەم ناوچه‌کان

PM:11:21:10/12/2025

1260 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راپۆرتی تایبەت بە زیانەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی بڵاوکردەوە و دەڵێت، جگە لە زیانی ماددیی زۆر، لە چەمچەماڵ، گەرمیان و کەرکوک چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم، ئاماری زیانەکانی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی ٨ و ٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ناوچە جیاجیاکانی گرتەوە، بەپێی راپۆرتەکە زۆرترین رێژەی بارانبارین و زیانەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بووە.

بەپێی راپۆرتەکە، بەهۆی لافاوەکەوە لە چەمچەماڵ دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون و کەسێکیش بێسەروشوێنە، لە کەلار منداڵێک و لە کەرکوکیش منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەهۆی لافاوەوە خنکاون، هەروەها لە سنووری بالیسانی پارێزگای هەولێر بەهۆی هەورەبروسکەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە چەمچەماڵ و تەکیە رێژەی بارانبارین زۆر بەرزبووە و گەیشتووەتە سەرووی ١٧٠ ملم، بەو هۆیەوە ٥٠٠ ماڵ لە چەمچەماڵ و دەیان ماڵ لە سلێمانی و بازیان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها لە ناحیەی شوان ٤٠٠ حەوزی ماسی لەناوچوون.

گەرمیان و کەرکوک؛


لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، زیانێکی زۆر بەر بازاڕی رزگاری کەوتووە و پردی نێوان کەلار و رزگاری رووخاوە، لەگەڵ تێکشکانی پرۆژەی ئاودێری سەلام، لە کەرکوکیش جگە لە گیانلەدەستدانی منداڵێک، پردێکی ستراتیژی لە داقوق داڕماوە کە هاتووچۆی نێوان کەرکوک و بەغدای پەکخستووە.

هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە؛


لە پارێزگای هەولێر بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، پرۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر راگیراون، لە هەڵەبجەش بەهۆی بارانەوە پشووی فەرمی لە خوێندنگە و زانکۆکان راگەیەندراوە.

سۆران و راپەڕین؛


لە ئیدارەی سۆران و راپەڕین بەفرێکی زۆر باریوە، بەو هۆیەوە دەروازەی کێلێ بە تەواوی داخراوە و جووڵەی بازرگانی راگیراوە، لە دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمانیش بەفر رێگەوبانەکانی گرتووە.













گەلەری