سەردێڕ:

دانیشتوانی پێنجوێن نیگەرانن لەوەی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بەپێی پێویست سووتەمەنیان بۆ دابینناکات

PM:08:25:10/12/2025

600 جار خوێندراوەتەوە

یەکەم بەفری ئەمساڵ لە پێنجوێن باری و پلەکانی گەرما دابەزی، دانیشتوانی سنوورەکەش نیگەرانن لەوەی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەم وەرزی سەرمایەدا بەپێی پێویست سوتەمەنیان بۆ دابینناکات، چونکە ساڵانە تێکڕا هەر ماڵێکی پێنجوێن پێویستیان بە نزیکەی چوار بۆ حەوت بەرمیل نەوتە.


یەکەم بەفربارینی ئەمساڵ لە سنووری پێنجوێن دەستیپێکرد و ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکانی بەتەواوی سپیپۆش کرد و ئەم بەفربارینە، دیمەنێکی جوانی سروشتی بە سنورەکە بەخشیوە و دانیشتوانی ناوچەکەی دڵخۆش کردووە بەهۆی سوودی بۆ بوژانەوەی سەرچاوەی ئاوییەکان.

بەڵام لە لایەکی ترەوە، دانیشتوانی سنوورەکە نیگەرانن لەوەی کە حکومەتی ماوەبەسەرچوو ناتوانێت لەم وەرزی سەرمایەدا بە پێی پێویست سووتەمەنیان بۆ دابینبکات و لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی بازاڕ نزیکەی ١٨٠ هەزار دینارە، تێکڕا هەر ماڵێکی سنوورەکەش ساڵانە پێویستیان بە نزیکەی چوار بۆ حەوت بەرمیل نەوتە، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەوێت.

جگە لەوەش بەفربارینەکە بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە نێوان گوندەکان و سەنتەری پێنجوێن، بەهۆی خراپی و نایەکسانی رێگای گوندەسنوورییەکانیش، هاوڵاتیان لە وەرزی بەفرباریندا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە بۆ گەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان و جێبەجێکردنی کارەکانیان.













گەلەری