سەردێڕ:

ترەمپ: كۆتایم بە شەڕ هێنا لە غەززە و هیوادارین ئاشتی هەمیشەیی بێت

PM:08:23:09/10/2025

920 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "كۆتایم بە شەڕ هێنا لە غەززە و هیودارین ئاشتی لەوێ هەمیشەیی بێت". دەشڵێت، "غەززە وردە وردە ئاوەداندەكرێتەوە و ئەوەی روودەدات زۆر نایاب دەبێت بۆ غەززە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی دۆخی غەززە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی، "دوێنێ توانیمان شەڕی غەززە کۆتایی پێ بهێنین، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆز بوو کاتێکی زۆری ویست، ئێستاش لە هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکان داین".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، پێی وایە رۆژی دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو تەواوی بارمتەکان لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن.

باسی لەوەشکرد، سەردانی میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک بۆ مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و جەختیشی لەوەکردەوە، بە هاوکاری چەند وڵاتێک سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، "هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی لە ئاگربەستی غەززە و پلانەکانم لەبارەی کەرتەکە دەکەن".













گەلەری