سەردێڕ:

عێراق هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی رێكکه‌وتنی غەززە راگه‌یاند

PM:04:22:09/10/2025

952 جار خوێندراوەتەوە

عێراق پێشوازی لە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بوونەتە هۆی رێککەوتنی ئاشتی لە غەززە، داواش دەکات مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین و گەیشتن بە خواستەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی رێککەوتنی ئاشتی غەززە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، عێراق پێشوازی لە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بوونەتە هۆی رێککەوتنی ئاشتیی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی سڤیل و هێنانە کایەی سەقامگیری دووپات دەکاتەوە، هەروەها مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین و گەیشتن بە خواستەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی دەستەبەر دەکات.

لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە، پێویستە ئاگربەستی خێرا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ گرفت بۆ ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە فەراهەم بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی مرۆیی بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وتی، ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەکەمی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەی سەر غەززە رێککەوتوون، کە ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل تا شوێنی دیاریکراو و راگرتنی شەڕ لەخۆدەگرێت.













گەلەری