لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق چەندین یاسا و رێنمایی ئاشکراکرد و دەڵێت، بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە؛ دەشڵێت، هەر کاندیدێک دامەزراوە حکومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنێت، سزادەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی جەخت لەسەر یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق کرایەوە لەگەڵ پابەندبوون لەسەر یاسا و رێنمایی و رێکارەکانی پێشوو، هەروەها لە راگەیەندراوێکی لیژنەکەدا سەرجەم ئەو رێنمایی و یاسایانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خراونەتەڕوو:
١- پێویستە
هەموو فەرمانگا و دامەزراوە حکومییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی
لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق،
پابەندی تەواوی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنووسی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای ئارامیی
هەرێم بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، ژمارە (٣٠٩٤٩) لە ٦ـی تشرینی یەکەمی
٢٠٢٥ و بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و یاسا و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی
هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ بن، بەپێی ئەرک و تایبەتمەندیی دیاریکراوی خۆیان.
٢- پێویستە
هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و
بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی خاڵی یەکی ئەم نووسراوە بن.
٣- سەرۆکایەتی
شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای
سلێمانی، رێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و
لیست و قەوارەیەک سەرپێچی ئەو رێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بە تایبەتی
سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە سزا دەدرێن.
٤- کۆمسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و وێستگەکانیان لە پارێزگاکاندا سزای
یاسایی و دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە
بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنن.
٥- وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی مۆبایل
و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە رۆژی دەنگدانی
تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٦- لەلایەن
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵەوە بنکەی چاودێریکردنی
بانگەشە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیاریکراوە و سەرپێچیکار بەپێی رێنماییەکانیان
تاڕادەی دورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک
پابەندی رێنماییەکان بن.
٧- هیچ
کەس و دامەزراوەیەک لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی کۆمسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ، مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی
ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت.
٨- پێویستە چاودێر و راگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان
و رێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیی و نێودەوڵەتییەکان، باجی رێپێدانی فەرمیی کۆمسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان هەبێت.