سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دانووستانەکانیان لەگەڵ حەماس بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەزە بە باشی دەڕۆن و پێویستە قۆناغی یەکەمی پلانەکە لەم هەفتەیەدا تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی، دانوستانەکانی لەگەڵ حەماس بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بە باشی دەڕوات و تیمە تەکنیکییەکانیش جارێکی تر رۆژی دووشەممە لە میسر کۆدەبنەوە.
دەشڵێت، پێویستە قۆناغی یەکەم لەم هەفتەیەدا تەواو
بکرێت و داوا دەکات پرۆسەکە بە خێرایی پێشکەوێت و بڕیارە دانوستانکارانی ئیسرائیل
بە مەبەستی دانوستان لە شەرم شێخی دەریای سوور لە میسر کۆببنەوە سەبارەت بە
ئازادکردنی بارمتەکان.
وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل
ئەلحەیا، سەرۆکی دەربەدەری غەززەی ئەو گرووپە، درەنگانی یەکشەممە لە میسر نیشتەوە
بۆ ئەوەی بەشداری نوێنەرانی ئەمریکا و قەتەر بکەن بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە جێبەجێکردنی
پێشکەوتووترین هەوڵی تا ئێستا بۆ ڕاگرتنی ململانێکان.
قۆناغی یەکەمی
پلانەکەی ترەمپ پێکدێت لە:
١- راگەیاندنی
ئاگربەستی دەستبەجێ، ئەگەر هەردوو لایەن بە پلانەکە رازی بوون.
٢- ئازادکردنی
سەرجەم بارمتەکراوەکان (بە زیندوو و مردووەوە) لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا.
٣- راگرتنی
ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە نێویشیاندا بۆردومان و تۆپبارانەکان لە کاتی ئاڵوگۆڕی
بارمتەکراوەکاندا.
٤- ئیسرائیل
قۆناغ بە قۆناغ دەکشێتەوە و دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات.
٥- رادەستکردنی
بەڕێوەبردنی غەززە بە حکومەتێکی راگوزەری تەکنۆکراتی فەڵەستینی کە لە ژێر چاودێری
نێودەوڵەتیدا دەبێت، ئەنجومەنێکی ئاشتی نێودەوڵەتیش کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی
دەکات، سەرپەرشتی رێکخستنی کاروباری رۆژانەی کەرتی غەززە دەکات.
٦- رەوانەکردنی
هاوکارییە مرۆییەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەبا و
لابردنی پاشماوەی بینا رووخاوەکان و بنیادنانەوەی ژێرخانی غەززە بە بێ بەشداری
ئیسرائیل و حەماس.