سەردێڕ:

عێراق پلانێکی گەورەی بۆ زیادکردنی ١١ هەزار میگاوات کارەبا راگەیاند

PM:07:50:05/10/2025

900 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق، پلانێکی گەورەی بۆ زیادکردنی ١١ هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی راگەیاند و دەڵێت، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ رووسیادا واژۆ کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سوودوەرگرتن لە "وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانە" لە داهاتوودا.


ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وتی، عێراق پلانێکی گەورەی بۆ زیادکردنی ١١ هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا پلانی بەدەستهێنان پڕۆژەی وزەی خۆر، وزەی با و وزەی بەدەستهاتوو لە خاشاکیش لەخۆدەگرێت، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ رووسیادا واژۆ کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سوودوەرگرتن لە "وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانە" لە داهاتوودا.

باسی لەوەشكرد، دەرگایان کراوەیە بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی، هەروەها ژینگەیەکی لەباریان بۆ رەخساندوون، کە ئەو هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ پڕۆژەکانی تری وەک گۆڕینی زیرەکی تۆڕی کارەبا و کاراکردنی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی وزەی وڵات.













گەلەری