کۆمپانیای سۆمۆ وردەکاریی رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت ئاشکراکرد و دەڵێت، رێککەوتنەکە بە هیچ شێوەیەک حکومەتی عێراق پابەند ناکات بە دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمپانیای سۆمۆ، رێککەوتنەکە بە تەواوی لەسەر بنەمای ناوەڕۆکی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق داڕێژراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە،
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە بە روونی ئاماژەی بەوە
نەکردووە کە بەغدا بەرپرسیار دەبێت لە پێدانەوەی ئەو قەرزانەی کە هەرێم لە ئەستۆی
کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری نەوتە، بەمەش، ئەم بابەتە لە چوارچێوەی رێککەوتنی
نێوان سۆمۆ و هەرێمدا نییە.
کۆمپانیای سۆمۆ
دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت،
لە چوارچێوەی پشکی گشتیی عێراقدا دەبێت کە لەلایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە دیاریکراوە،
ئەمەش بەشێکە لە پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ پاراستنی
سەقامگیریی بازاڕەکانی وزە.