سەردێڕ:

بانکی ناوەندی: عێراق ساڵی داهاتوو كۆتایی بە پارەدانی کاش دەهێنێت

PM:03:30:22/09/2025

512 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا کۆتایی بە پارەدانی نەخت بکرێت و لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا دەکرێت بە ئەلیکترۆنی.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، زیرغام موسا، بەڕێوەبەری چاودێری دامەزراوە داراییەکانی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق وتی، بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی یاساکان و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و پسپۆڕانی وەزارەتەکانی تر، پێشکەوتنی لە بواری پارەدان بە شێوازی ئەلیکترۆنی بەدەست هێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تریلیۆنان دینار بە شێوازی ئەلیکترۆنی دراون، سەرەڕای ئەوەی کە لە فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە تەواوی مامەڵەی نەختینەیی وەستێندراوە.

زیرغام موسا ڕوونیشیکردەوە، چەندین دەستپێشخەری هەیە بۆ هاندانی دامەزراوەکانی تری دەوڵەت بۆ چوونە ناو چوارچێوەی پارەدانی دیجیتاڵی ئەلیکترۆنی.

پێشبینی ئەوەشی کرد، عێراق لە مانگی تەمموزی ساڵی داهاتوو بە تەواوی ماڵئاوایی لە مامەڵەی نەختینەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و شوێنەکانی تر بکات.













گەلەری