سەردێڕ:

هاتووچۆی هەولێر رێوشوێنی نوێ بەرامبەر ماتۆڕسوارەکان دەگرێتەبەر

PM:05:26:19/09/2025

1872 جار خوێندراوەتەوە

هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، پێویستە بازاڕەکانی چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل لە سنووری پارێزگاکە خۆیان لە مامەڵەکردن و چاککردنەوەی ماتۆڕە بێ سەرەتاکان بەدووربگرن، هەر ماتۆڕسوارێکیش بەبێ کڵاوی سەلامەتی ببیندرێت، رێگاری یاسایی بۆ دەگیرێتەبەر.


ئەمڕۆ هەینی ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڵاوی کردەوە، لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی هەولێر ئاگاداری بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕیان لە ناو سەنتەری شاری هەولێر کردووەتەوە کە خۆیان بەدووربگرن لە دروستکردنی ماتۆڕ بە پارچە و مامەڵەکردن بە ماتۆڕی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی قوربانی رووداوەکان، لە ئەمڕۆوە هەر ماتۆڕسوارێک بە بێ کڵاو و پێویستییەکانی سەلامەتی لەسەر شەقامەکان ببیندرێت، رێکاری یاسایی بۆ دەگیرێتە بەر و دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت.

داوا لە دایکان و باوکانیش دەکات، کە رێگری بکەن لە هەرزەکارانیان، تاکو نەبنە قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆ و توشی سزای دارایی نەبن.













گەلەری