سەردێڕ:

قەیرانی ئازادی و نەبوونی متمانە بە دادگاکان

PM:08:37:13/09/2025
2316 جار خوێندراوەتەوە
فەرەیدون رەسوڵ
+ -

ئامادەبوانی بەڕێز وێڕای بەخێرهاتنتان سوپاسی یەک بەکتان دەکەین کەبەدەم ئێمەوە هاتوون بۆ بەشداری لەم چالاکیە، کە بێگومان چالاکیەکی پڕ لەهەڵوێستە دژی دەسەڵاتی سیاسی دوو بنەماڵەی خاوەن دەسەڵات لە کوردستاندا.

لای هەمووتان ئاشکرایە ڕۆژ بەڕۆژ ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستاندا ڕوو لە پاشەکشە دەکات و تادێت هەنگاوەکانی کپکردنی دەنگە ئازاو دلێرەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دکتاتۆرانەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیە لەکوردستاندا.

لەئێستادا پرسی ئازادی ڕادەربڕین و فرە حزبی و میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن کەتونەتە بەر شاڵاوی سەرکوتککردن و لەناوبردن، بەجۆرێک هەر ڕۆژ لەشارێکی کوردستان یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن دادەخرێ یان ڕۆژنامەنوسێکی ئازا زیندانی دەکرێ، بەجۆرێک ئەم جووت بنەماڵەیە هاتەریب لەگەڵ یەکتری دژایەتی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ڕای ئازاد و ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەن.

درێژکردنەوەی ماوەی زیندانی شێروان شێروانی، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان ترسی لەقسەکردن هەیەو قبوڵی ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان ناکات، هەروەها ئەوەش دەسەلمێنت کە کابینەی نۆیەمی حکومەت و خوودی سەرۆکی حکومەت فۆبیای شێروان شێروانیان هەیەو ناتوانن بەرگەی وجودی شێروان بگرن لەدەرەوەی زیندان.

شێروان شێروانی بۆتە سیمبولی خۆڕاگری و بەرخۆدان لەدژی حوکمڕانی چەتەیی مەسرور بارزانی، مەسروریش نەخۆشی شێروانی گرتوەو ناتوانێ ئازادی بکات و خۆی لە وەهمی شێروان شێروانی ڕزگار بکات.

شێروان تەنها نمونەیەکی سزادراو نیە، بەڵکو وانەیەکە بۆ خۆڕاگری و تەسلیم نەبوون، تەنانەت لەناو زیندانیشدا لێی دەترسن و ڕۆژ بەڕۆژ کەیسی نوێی لەسەر درووست دەکەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە کابینەکەی مەسرور بارزانی تەواو کابینەیەکی ئەمنی و پۆلیسیە و بەرگەی ڕەخنەی ئازادیخوازانی کوردستان ناگرێت.

هەموو ئەوانەی ڕوو دەدەن لەنەبوونی سەروەری یاساو ڕۆڵی ڕاستەقینەی دادگانە، بەداخەوە دادگاکان تا ئێستاش لەدەستی حزب و سەرۆکی حزبەکاندان، هەرکات بیانەوێت دادگاکان لەدژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی و چالاکوانانی سیاسی بەکاردەهێنن، باشترین نمونەش دادگایی کردنی شێروان شێروانی و داخستنی کەناڵی زووم و هەڵکوتانە سەر هێمن مامەندە.

تا ئەم چرکە ساتە دادگاکان سەربەخۆو ئازادنین لە بڕیارداندا، لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە ئاڕاستە دەکرێن و ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە لاوازکردنی دەنگی ناڕازی خەڵک و کپکردنی ئازادی ڕادەربڕین.

بەبیری هەمووانی دەهێنینەوە سەربەخۆنەبوونی دادگاکان و کپکردنی ڕای ئازد لەکوردستان، پێشهاتێکی هێندە مەترسیدارە کە خەریکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتی ٢٠١١.

با لای هەموان ڕوون بێت، لەسایەی پارتی و یەکێتی جگە لەقەیرانی دارایی لە ئێستادا ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی سیاسیش لە قەیرانی قوڵدان، پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە پارتی و یەکێتی ناچار بکرێن فەزایەکی گەورە بۆ ئازادییەکان بخوڵقێنن، وەدەبێت ئێمەش بەردەوامبین لەسەر نیشاندانی نمایشە چەتە گەریەکانی ئەم دوو حزبە بە دونیای دەرەوە.

گەلەری