سەردێڕ:

مامۆستایانی ناڕازی: دەوامی بەخۆڕایی و زۆرەملێ رەتدەکەینەوە

PM:04:12:19/09/2025

712 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دەڵێت، بایکۆت و خۆپیشاندان نایه‌كی سەربەرزانەیە بۆ رەتکردنەوەی دەوامی بەخۆڕایی و بەزۆرەملێ، وتیشی، حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە رێی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، "یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکات".


ئەمڕۆ هەینی ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، "ستەم و برسیکردن و شکۆ شکاندنی دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو سنورە ئاینی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندوە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی، وا خەریکن لە رێی ژەهری نائومێدی و موشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن.

وتیشی، "ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کە سێبەری رەشی کورسیەکانیان بەرچاوی گرتوون، بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان و دایکوباوکی خوێندکار و قوتابیان، رێکەوتی ٢١ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ـی وەک یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی حەوت و هەشت نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهات دزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە مووچەی مانگەکانی ٩، ١٠، ١١، ١٢ تەنیا فاتیحە لەسەرخوێندنی ماوە".

باسی لەوەشکرد، ، بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانیان، نایه‌كی سەربەرزانەن بۆ رەتکردنەوەی دەوامی بەخۆڕایی و بەزۆرەملێ.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە ،"بارتەقای رقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چین و توێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێ لێڕاکێشانی زیاتری ئەم دو حیزبە بە کرێگیراوەیە".













گەلەری