سەردێڕ:

دژەتیرۆری عێراق: سەرکردەیەکی دیاری داعش كوژرا

PM:03:01:19/09/2025

676 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەڵێت، ئەو کەسەی کە بەرپرس بووە لە تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان و بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكان و ئاسایشی دەرەوەی داعش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كوژرا.


ئەمڕۆ هەینی ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق بڵاویکردەوە، (عومەر عەبدولقادر بەسام) ناسراو بە عەبدولڕەحمان حەلەبی، بەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپراسیۆنێكدا لەناو خاكی سوریا و بە هەماهەنگی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كوژرا.

وتیشی، حەلەبی بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكان و ئاسایشی دەرەوەی رێكخراوی داعش بوو، بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی هەبوو لە تەقینەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان و، هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی كردەوەی تیرۆریستی تر لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە بە هەوڵی وردی هەواڵگری پوچەڵكراونەتەوە.

باسی لەوەشکرد، کوژرانی ئەم کەسە لەدوای چاودێریی وردی هەواڵگری و پاڵپشتی دادوەریی عێراقەوە دێت كە بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەردەوام بووە، ئەمەش زیانێكی ستراتیژی گەورەیە بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكە و لەدوای زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی سەركەوتوو دێت لەم دوو مانگەی رابردوودا.













گەلەری