سەردێڕ:

ناتۆ رێککەوتنێکی درێژخایەنی سەربازی لەگەڵ عێراق واژۆکرد

PM:02:39:19/09/2025

636 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرایەتی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی دەڵێت، رێککەوتنێکی درێژخایەنیان لەگەڵ عێراق واژۆکردووە بۆ بنیادنانی هێزێکی سەربازی بەهێز و متمانەپێکراو لە پێناو پاراستنی ئاسایش و باری ئەمنی وڵاتەکە.


ئەمڕۆ هەینی ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، نوێنەرایەتی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەڵێت، ئەرکی سەرەکی ئەو هێزە سەربازییەی کە لە میانی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق ئامادەدەکرێت، پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و رووبەرووبونەوەی قەیرانەکانە، هەروەها یارمەتیدانی عێراقە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی تەواو لە سەرانسەری وڵاتەکە.

باسی لەوەشکرد، رێکەوتنەکە لە نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق ئەنجامدراوە، لەسەر کۆمەڵێک ئامانجی درێژخایەن بۆ بنیاتنانی هێزێکی سەربازی بەتوانا و متمانەپێکراو، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری و پێشخستنی سوپای وڵاتەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هێزە رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەبوارەکانی دەرەوەی لایەنی سەربازی، وەک پاراستنی سەروەری یاسا، حوکمڕانی دژە گەندەڵی، پاراستنی مەدەنی، ژنان، ئاشتی و ئاسایش، و پەروەردەی پیشەیی دامەزراوەیی، جگە لە پاڵپشتی بەشداریکردنی ژنان لە هێزەکانی عێراق و بەرەوپێشبردنی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.













گەلەری