سەردێڕ:

ناوی سێ ملیۆن کەس لە پسوڵەی خۆراک سردڕایەوە

PM:09:53:18/09/2025

1516 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە یان کۆچی دواییان کردووە، بەهۆی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە ناوی سێ ملیۆن کەس لە وەرگرتنی بەشە خۆراک سڕدراوەتەوە، ئاشکراشی دەکات ئەوانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەشەخۆراک سوودمەند دەبن ژمارەیان دەگاتە ٤١ ملیۆن کەس.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی گەشتیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە یان کۆچی دواییان کردووە، بەهۆی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە ناوی سێ ملیۆن کەس لە وەرگرتنی بەشە خۆراک سڕدراوەتەوە.

ماوەی چەندین مانگە وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی پسووڵەی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی، لە نوێکردنەوەی پسووڵەش ئاسانکاریی بۆ هاوڵاتیان کراوە و هەموو کەسێک لە ماڵەوە دەتوانێت فۆرمی خۆیی و خێزانەکەی پڕبکاتەوە، تاکە مەرجیش ئەوەیە کەسەکە لەناوەوەی وڵات پڕی بکاتەوە، چونکە بەرنامەکە لە دەرەوەی وڵات کارناکات.

محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم کاروبارەکان لەوانەش پسووڵەی خۆراک، پێشبینیش دەکات لەمەودوا ژمارەی ئەوانەی لە وەرگرتنی بەشە خۆراک سوودمەند دەبن بگاتە ٤١ ملیۆن کەس.

بە وتەی حەنوون، تائێستا بەهۆی پسووڵەی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە ناوی سێ ملیۆن کەس لە وەرگرتنی بەشەخۆراک سڕدراوەتەوە ئەوانیش ئەوانەن کە لەدەرەوەی وڵات دەژین یان کۆچی دواییان کردووە، ٢٥ـی ئەم مانگەش کۆتا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی پسووڵەی ئەلیکترۆنی خۆراک و بەرنامەکە رادەگیرێت، دواتریش بەشی سڕینەوە و زیادکردنی ئەندامانی خێزان بۆ ئەپڵیکەیشنە زیاد دەکرێت.













گەلەری