PM:09:02:18/09/2025
1000 جار خوێندراوەتەوە
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، كۆمپانیای هالیبێرتۆنى ئەمریكی ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ واژۆکردنی گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگەکانی بن عومەرو سندباد لە پارێزگای بەسرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی كردووە لە جێف میلەر، سەرۆک ئەنجومەنی كارگێڕی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هالیبێرتۆن، كە کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەتمەندە لە کەرتی نەوت و تەکنەلۆژیای وزە و شاندێكی یاوەری.
لە کۆبوونەوەکەدا،
سودانی داوای لە هالیبێرتۆن کردووە ناوەندەكانی خزمەتگوزاریی لە عێراق بۆ پسپۆڕییە
جۆراوجۆرەکانی ئەندازیاری فراوانتر بکات، ناوەندی توێژینەوە بۆ پاڵپشتیکردنی
پەرەپێدانی تەکنەلۆژی لە کارەکانی هەڵكەندن و باشكردنی جۆری خاك دابمەزرێنێت،
هەروەها سەنتەری راهێنان بکاتەوە بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و خۆجێیکردنی هەندێک
پیشەسازی، لەوانە، بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ مەبەستی هەڵكەندن و
بەرهەمهێنان، هەروەها دروستکردنی ئامێری نەوت بۆ هەڵكەندن و پەمپەكانی ناو ئاو.
بەوتەی
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، جێف میلەر، سوپاسی سودانی كردووە بۆ پشتگیری
بەردەوامی لە تەواوکردنی کارەکان و ئامادەیی کۆمپانیاکەی دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە
رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ واژۆکردنی گرێبەستی گەشەپێدان بۆ کێڵگەکانی بن
عومەر و سندیباد لە پارێزگای بەسرە، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی غاز و دامەزراندنی
کارمەندانی عێراقی و خۆجێیکردنی پیشەسازی نەوت.