سەردێڕ:

سودانی کارکردن بە واژۆی ئەلیکترۆنی لە مامەڵە حکومییەکاندا راگەیاند

PM:06:55:18/09/2025

916 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق، رەزامەندی لەسەر دەستپێكردنی كاركردن بە واژۆی ئەلیكترۆنی لە دامودەزگاكانی دەوڵەت، كەرتی تایبەت و هاوڵاتیان دەربڕی، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵەی ئەلیكترۆنی ژمارە ٧٨ـی ساڵی ٢٠١٢ و ئەو رێنماییانەی كە بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا دەرچووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە، ئەم رێوشوێنە نوێنەرایەتی هەنگاوێكی گرنگ دەكات لە جێبەجێكردنی یەكێك لە گرنگترین پابەندییەكانی حكومەت كە لە بەرنامە حكومییەكەیدا هاتووە بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی و سادەكردنەوەی رێكارەكان، بەو پێیەی كاریگەرییەكی بەرچاوی هەیە لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی و ئەو رۆتینانەی لە مامەڵەی كاغەزیدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم رێوشوێنە كە لەسەر ئاستی جیهانیدا دانی پێدانراوە، متمانەی هاوڵاتیان بە رێكارەكانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی پتەوتر دەكات لە گرتنەبەری ئەم جۆرە مامەڵە دیجیتاڵییە، كە هەموو مامەڵەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت دەگرێتەوە.













گەلەری