سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بڕیارێکی بۆ پاس و تەکسی خوێندکاران دەرکرد

PM:04:35:18/09/2025

1144 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەسەر گواستنەوەی خوێندکاران بڕیارێکی راگەیاند و دەڵێت، "بڕیارمانداوە لەڕێگەی کۆمپانیایەکەوە کامێرای چاودێری و جی پی ئێس لەناو ئۆتۆمبێل و پاسەکان دابنێین".


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە لیدوانێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، " بۆ کەمکردنەوەی رووداوی ناشارستانی و ئەو کێشانەی پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن هەیە، بڕیارمانداوە کامێرا و جی پی ئێس لەناو سەرجەم پاس و تەکسی گواستنەوەی خوێندکاران دابنێین، و بۆئەمەش داواکارین هەر کۆمپانیایەک ئارەزومەندە بەم کارە تەندەرین ئامادەبکات و پێشکەشی بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆری بینای ناوەندەکانی خوێندن پیویستیان بەکاری نۆژەنکردنەوە هەیە و نزیکەی ٤٠ خوێندنگەش مەترسی رووخانیان لەسەرە و چۆڵکراون چونکە شیاوی خوێندن نییە تێیدا.

لەبارەی دەستپێکی پرۆسەی خوێندنی ئامساڵ و بایکۆت وتی، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و ٢١ـی ئەیلوول زەنگی خوێندن لێ دەدرێت، بۆیە داواکارین سەرجەم مامۆستایان و سەرپەرشتیاران بە گیانێکی لەخۆبوردەییەوە هەروەک ساڵانی پێشوو دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەرووی خوێندکاراندا بکەنەوە.













گەلەری