سەردێڕ:

هاتووچۆی سلێمانی رێنمایی نوێ بۆ وەرزی خوێندن بڵاودەکاتەوە

PM:12:15:18/09/2025

1044 جار خوێندراوەتەوە

هاتووچۆی سلێمانی رێنمایی نوێ بۆ وەرزی خوێندن بڵاودەکاتەوە و دەشڵێت، بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان بە رۆژدا بۆ ناوشارەکە لە سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، جگە لە رۆژانی هەینی قەدەغەکرا، هەروەها پێویستە شۆفێران رەچاوی خێرایی بن لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلولـی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناوشاری سلێمانی لە رێگەی بازگەکان و سنوری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە رۆژی یەک شەممە ٢١ـی ئەم مانگەوە، لە کاتژمێر ٧:٣٠ بۆ ٨:٣٠ جگە لە رۆژانی هەینی قەدەغەیە.

وتیشی، ئەم بڕیارە بەمەبەستی کەم کردنی قەرەباڵغی و گرفت و ئاستەنگی هاتووچۆیە و جێبەجێکردنیشی لە ئەستۆی مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکانە و هاتنە ناوەوەی هەر بارهەڵگرێک لەو کاتانەدا لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

داواش لە شۆفێران دەکات، بەمەبەستی دەستپێکی ساڵی خوێندن، رەچاوی خێراییەکان بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و ئاگاداری زیاتریان هەبێت بۆ منداڵان و پیادە ڕەوەکان.

هەروەها، داوا لە شۆفێرانی ئەو پاسانە دەکەن کە منداڵ و قوتابیان دەگوازنەوە، رەچاوی ژمارەی یاسایی خویندکاران لەناو پاسەکانیان بکەن و سەرنشینی زیادە سەرنەخەن و رێگا بە منداڵان نەدەن بەشێک لە جەستەیان لە جامەکان دەربکەن و لە جێی خۆیان دابنیشین.













گەلەری