سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند پرۆژە یاسایەک کۆدەبێتەوە

PM:01:10:14/09/2025

924 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ١١ پڕۆژە یاسا کۆدەبێتەوە، کە گرنگترینیان دەسەڵاتی رێکخستنی ئەتۆمی و هەمواری یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا بەشێکی جەستەیان لە دەستداوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ ئەیلوولی ٢٠٢٥، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بڵاوکردەوە کە تیادا هاتووە، یاسای رێکخستنی کاری سەندیکاکان، دوای ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم، ئامادەیە بۆ پەسەندکردن لە پەرلەمانەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، لە دانیشتنەکەدا دەنگ لەسەر رەشنووسی هەمواری چوارەمی پرۆژەیاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی کەرتی تایبەت دەدرێت، جگە لەوەش دەنگ لەسەر هەمواری یەکەمی پرۆژەیاسای بەرگریی شارستانی و هەمواری سێیەمی پرۆژەیاسای خزمەتگوزاری زانکۆکان دەدرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای دەستەی گشتیی چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان دەکات، ئەمە جگە لەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ رەشنووسی یاسای کۆلێجی فڕۆکەوانی سوپاش دەکرێت.

هەروەها، لە گرنگترین ئەو پرۆژە یاسایانەی کا تاوتوێ دەکرێن، دەسەڵاتی  رێکخستنی ئەتۆمی و هەمواری یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا بەشێکی جەستەیان لە دەستداوە.













گەلەری