سەردێڕ:

سبەی تیروپشک بۆ هەڵبژاردنی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکرێت

PM:11:35:13/09/2025

1092 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاره‌، سبه‌ینێ کۆمسیۆنی عێراق تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان بکات، ٢٥٠ هەزار کەس وەردەگرێت و مووچەشی بۆ دیاریكردوون كه‌ لە نێوان ١٥٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دینارە.


ئەمڕۆ شەممە ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، كه‌ تیروپشکەکە کاتژمێر ١١ـی پێشنیوەڕۆی سبەی لە نووسینگەی سەرەکیی کۆمسیۆن لە بەغدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجوومەنی کۆمسیاران وردەکاری پارەی کارمەندانی دەنگدانی دیاریکردووە کە لە ١٥٠ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ٤٠٠ هەزار دینار.

بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمسیاران، ئەگەر ئەو کارمەندەی دەنگدان کە وەردەگیرێت فەرمانبەری حکومی بێت و هه‌ماهەنگی ناوەندی دەنگدان بێت، ٣٠٠ هەزار دینار وەردەگرێت و ئەو بڕە پارەیە بۆ یەکێک لە رۆژانی دەنگدانی گشتی یان تایبەت وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کارمەندی دەنگدانەکە بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان بێت ٢٠٠ هەزار دیناری پێدەدرێت و ئەگەر فەرمانبەری ناوەند یان وێستگەی دەنگدانیش بێت ١٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت.

ئەگەر کارمەندی دەنگدان قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێت و کاری هه‌ماهەنگی ناوەندی دەنگدان بێت، ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگرێت، ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەند بێت ٣٠٠ هەزار و ئەگەر کارمەندی ناوەند یان وێستگەی دەنگدان بێت ٢٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت.

ئەو کارمەندانەش کە وەک یەدەگ وەردەگیرێن و رێژەکەیان ٥٪ـی تێکڕای ئەو کارمەندانەیە کە لە تیروپشکەکەدا وەردەگیرێن، ئەگەر فەرمانبەری حکومى بێت ٥٠ هەزار دینار و ئەگەر قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێت ١٠٠ هەزار دینار وەردەگرێت.













گەلەری