سەردێڕ:

زیاتر لە ٧٠٠ هەزار كەس لە هەرێم بەشەئارد و بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت

PM:11:00:13/09/2025

1428 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیی هەرێم دەڵێت، ئەوانەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕ نەكردووەتەوە بڕینی بەشە ئاردیان دەستی پێكردووە و ئەم مانگەش بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت، دەشڵێت، ئەوانەی خۆراكیان راگیراوە کەی فۆرمیان پڕ کردەوە دەبنەوە خاوەن فۆرم و لە مانگەکانی ئاییندە خۆراک و ئاردیان بۆ دێتەوە.


ئەمڕۆ شەممە ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم وتی، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك بەشە ئاردیان پێ نەدراوە و بەشەخۆراكی تازەشیان لەم مانگەدا پێ نادرێت.

لەبەشە ئاردی حەوتەم، هەشت ملیۆن و ٨٤٧ هەزار و ٧٥٠ کیلۆگرام ئارد لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بڕدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشی حەوتەمی ئارد لێبڕین و راگرتن لە عێراق و هەرێم دەستی پێکردووە، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە عێراق بەشەئاردی حەوتیان وەرنەگرت و لەم مانگەشدا بەشەخۆراکیش بۆ ئەوانە نایەت کە فۆڕمیان پڕ نەکردووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی كردەوە، ئەوانەی خۆراكیان راگیراوە کەی فۆرمیان پڕ کردەوە دەبنەوە خاوەن فۆرم و لە مانگەکانی ئاییندە خۆراک و ئاردیان بۆ دێتەوە و ئەو مانگانەی لێیان بردڕاوە قەرەبوو ناكرێنەوە.

بەشداربووانی پسوڵەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕ كردووەتەوە چوار ملیۆن و ٦٣٨ هەزار و ٦٧٢ کەسن.













گەلەری