PM:07:56:13/09/2025
1120 جار خوێندراوەتەوە
دوای هەوڵەکانی نەوەی نوێ و وەرگرتنی بەڵێن لە وەزیری تەندروستی عێراق بۆ چارەسەری راگرتنی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا، تەندروستی سلێمانی دەڵێت، کێشەی دەرمان و نەشتەرگەری نەخۆشخانەکانیان چارەسەر کردووە.
ئەمڕۆ شەممە ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کێشەی نەبوونی دەرمان و نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکانیان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا چارەسەر کردووە و هاوشێوەی پێشوو نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بەردەوام دەبێت.
ئەوەش دوای فشارەکانی نەوەی نوێ دێت لە
هەولێر و بەغدا کە رایانگەیاندبوو، پارتی و یەکێتی سزای خەڵکی کوردستان
و بەتایبەتی سلێمانی دەدەن و هەوڵیان بۆ دەوڵەمەندکردنی
خۆیان و نەخۆشخانە تایبەتەکانیانە.
وتبووشیان، پارتی و یەکێتی سەرەڕای فرۆشتنی نەوتی
قاچاخ و هەبوونی پارەی بەردەست، ئامادە نین چەند ملیارێک بۆ خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکان
و تەندروستی هاوڵاتیان دابین بکەن، لەبەرئەوە هەوڵیاندا کە بەغدا بەشێکی پێداویستى
نەشتەرگەری نەخۆشخانەکان دابین بکات و بۆ ئەو مەبەستە بەڵێنیان لە وەزیری تەندروستی
عێراق وەرگرت.