سەردێڕ:

فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ: بە راگرتنی نەشتەرگەری پارتی و یەکێتی سزای خەڵک و سلێمانی بە تایبەتی دەدەن

PM:05:38:13/09/2025

3888 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی راگرتنی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە گشتییەکان، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ دەڵێن، "ئەم هەنگاوە پێمان دەڵێت کە پارتى و یەکێتى ئێستا لەهەموو کات زیاتر لە ژیانى خەڵکی بێ باکن و هەموو هەوڵ و کارکردنیان بۆ دەوڵەمەندکردنى خۆیان و نەخۆشخانە تایبەتەکانى خۆیانە. دەشڵێن، "وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی پێداوین کە هاوکار دەبێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە".


ئەمڕۆ شەممە ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئەم هەنگاوە پێمان دەڵێت کە پارتى و یەکێتى ئێستا لەهەموو کات زیاتر لە ژیانى خەڵک بەگشتى و خەڵکى فەقیر و هەژار بەتایبەتى بێ باکن و هەموو هەوڵ و کارکردنیان بۆ دەوڵەمەندکردنى خۆیان و کۆمپانیاکانیان و نەخۆشخانە تایبەتەکانى خۆیانە، هەروەک بەکردەوە دووپاتی دەکەنەوە کە چۆن سزای خەڵکی کوردستان بەگشتیی و سلێمانی بەتایبەتی دەدەن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پارتى و یەکێتى و حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەیان، وێڕاى ئەوەى کە نەوت بەقاچاخ دەفرۆشن و داهاتەکەى دیار نییە، وێڕاى سەدان ملیار دینارى داهاتى نانەوتى، کەچى سەرەڕاى ئەوەى رادەستى بەغداى ناکەن لەپێناو مووچە و قوتى خەڵکدا، لەبەرامبەردا چەند ملیارێک بۆ نەخۆشخانەکان و پاراستنى ژیان و تەندروستى هاوڵاتیانیش تەرخان ناکەن.

دەشڵێن، "ئێمە وەک فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق، لەهەوڵەکانمان بەردەوامین تا حکومەتى ئیتحادى بەشێک لەپێداویستى نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکان دابین بکات، تا هاووڵاتیانى کوردستان بتوانن لەو نەخۆشخانە گشتیانە نەشتەرگەری بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن.

باسیان لەوەشکردووە، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزیری تەندروستیی عێراقیان کردووە بەرێزیان بەڵێنیانداوە کە بەگوێرەی توانا هاوکار دەبێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.













گەلەری