سەردێڕ:

کۆمسیۆن: ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بۆ هەڵبژاردن گەرەنتی خاوێنی پرۆسەكە دەكەن

PM:06:01:11/09/2025

1304 جار خوێندراوەتەوە

راوێژكارێکی یاسایی كۆمسیۆن دەڵێت، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەرەنتی خاوێنی پرۆسەكە دەكەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، حەسەن سەلمان، راوێژكاری یاسایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق رایگەیاند، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردن، بە كاراییەكی بەرزەوە كاردەكەن و گەرەنتی و بنەمای خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردنن.

دەشڵێت، لە پرۆسەی دەنگداندا دەنگدەرێك ناتوانێت ببێت بە جێگرەوەی دەنگدەرێكی تر، چونكە سێ هاوتاكردن هەیە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی كارتی دەنگدان بە دەنگدەر بدرێت، كە ئەویش بریتییە لە پەنجەمۆری راستەوخۆی دەنگدەر لە رۆژی دەنگدان (واتا پەنجەمۆرو ناسینەوەی روخسار)، كارتی بایۆمەتری و ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەم سێ پرۆسەی هاوتاكردنە بەتەواوەتی بكرێت بۆ ئەوەی دەنگدەر بەتەواوەتی گوزارشت لە خۆی بكات لەوەی كە لە رۆژی دەنگداندا مافێكی خۆی جێبەجێ دەكات، ئەمە زامنی خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و رێگرە لەبەردەم یاریكردن بە دەنگەكانەوە.

باسی لەوەشکرد، كۆمسیۆن پەرەیداوە بەو ئامێرە ئەلیكترۆنییانەی كە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەكاردەهێنرێن، كامێرای ناسینەوەی بۆ ئەو دەنگدەرانە داناوە كە لە رۆژی دەنگدانیان پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، وەكو ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ روویدا كە بەشێك لە دەنگدەران بەهۆی ئەوەی پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە لە دەنگدان بێبەشكران، بەڵام ئەمجارە كامێرایەك لە ئامێری پشتڕاستكردنەوە بەستراوە، وێنەی دەنگدەر دەگرێت و دواتر ئاماژە لە ناوەكەی دەدرێت، بۆیە ئەو كەسە جارێكی تر مافی ئەوەی نابێت دەنگبداتەوە.













گەلەری