PM:12:47:11/09/2025
13500 جار خوێندراوەتەوە
زۆر لە هاوڵاتییان لە هەرێمی كوردستان كێشەیان هەبوو، لە پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك و بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێريش لە ئێن ئاڕ تییەوە دڵنیایی دەدات و دەڵێت، بەمزوانە کێشەکان هەمووی چارەسەر دەكرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، سیامەند نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێر، رێكارەكانی بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئاشكراكرد و دەڵێت، "ئێمە بەنووسراو هەموو ئەو كێشانەمان رەوانەی بەغدا كردووە و ئەوانیش ئیشی لەسەر دەكەن و نامە بۆ ئەو كەسانە دەنێرن، كە كێشەیان هەبووە لە پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی فۆڕمی خۆراك و دەیانخەنەوە ناو ئەپلیکەیشنەکە بۆ چارەسەركردنی".
ئاماژەی
بەوەشکرد، "بەشێك لەوانەی كێشەیان هەبوو نامەیان بۆ هاتووە و تەنها بەشێكیان ماوە،
دڵنیاییش دەدەین بەو هاوڵاتییانەی كێشەیان هەبووە لە پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی
خۆراك، هەمووی چارەسەر دەبێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە،
لەكاتی پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك، كێشەی جۆراوجۆر رووبەڕووی هاوڵاتییانی
هەرێمی كوردستان بوونەوە، وەك كێشەی خێزانی، ئەوانەی جیابوونەتەوە و كێشەی ئەوانەی
روخساریان گۆڕاوە و نەخوێندراوەتەوە، بەهۆی جوانكاری و نەخۆشییەوە و كێشەی ئەوانەی
خۆیان بەهەڵە سڕیوەتەوە.